You Are Here: Home» ڤێترنەری » نەخۆشیەکانی سمۆرە Squirrel diseases



نەخۆشیەکانی سمۆرە  Squirrel diseases  
گەلێک نەخۆشی توشی سمۆرە دەبن ،هەوڵ ئەدەین بە کورتی باسیان بکەین، وە ئەو نەخۆشیانەش پیشان بدەین کە هاوبەشن واتە لە سمۆرەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ، چونکە لەئیستادا سمۆرە وەک گیانەوەرێکی ماڵی لێ هاتوە لە زۆر شوێن بەخێودەکرێ لەلایەن مرۆڤەوە، ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ماڵی زۆربەی هەرزۆری سمۆرەکانە، (سمۆرەی درەختی  و باڵدار و زەمینی ) بۆیە لەوێ گرنگیەکی ڕادە بەدەری پێ ئەدرێ لە هەموو بوارەکاندا:
یەکەم : نەخۆشی تاعون Bubonic plague
 لەمێژە ووشەی تاعون لەنێو کوردەواریدا هەیە، کە ناوی نەخۆشیەکی کوشندەیە ،ئەم نەخۆشیە سەرەڕای توشبونی زۆربەی ئاژەڵەکان توشی سمۆرەش دەبێت، هەروەها توشی قرتێنەرەکانی تریش دەبێ  وەک مشک و جرج ، هۆکاری ئەم نەخۆشیە بەکتریایەکە پێ دەوترێ ( Yersinia pestis ) گرام نەگەتیڤە،شێوەی چیلکەیی ،بەبێ هەوا دەژی،بێ جوڵەیە، توانای توشکردنی مرۆڤ و ئاژەڵی هەیە بەنەخۆشی، نەخۆشی تاعون یەکێکە لە نەخۆشیە کۆنەکان کەلەدێر زەمانەوە هەبوە لەناو مرۆڤدا ،لەساڵەکانی ( 1347-1351 ) پێان وتوە مردنی ڕەش.
 ئەم نەخۆشیە یەکێکە لە نەخۆشیە هاوبەشەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ ، بە سێ شێواز توشی مرۆڤ و ئاژەڵ دەبێ ،هەرسێ شێوەکەی کوشندەیە ( شیوەی سیەکان  pneumonic form  واتە توشی کۆئەندامی هەناسە دەبێت، ، شێوەی خوێن septicemic form  واتە توشی هەوکردنی خوێن دەبێت ، شێوەی بوبونیک bubonic plague  توشی  کۆئەندامی لیمف  دەبێت )  ئەو شێوەی کە توشی سمۆرە دبێ لە جۆری لیمفە،   بەتایبەت توشی سمۆرەی زەمینی دەبێت لەگەڵ قرتێنەرەکانی تر، نیشانەی نەخۆشی تاعون هەندێ جار هەرگیز دەرناکەوێ لەسەری، هەندێ جاریش دیاری ئەدەن  وەک"یاو،تا،   بێ هێزو لاواز دەبێت، دەرکەوتنی لیر لەژێر پێستەوە نیشانەیەکی جیاکەروەی تاعونە، بەهۆی خوێن بەربونی ژێڕ پێستەوە، نەخۆشیەکە دەگوازرێتەوە  بۆ مرۆڤ لەڕێگای گاز لێگرتنەوە واتە سمۆرەکە گاز بگرێ لە مرۆڤەکە، یان لەڕێگا  کێچەوە  ( flea ) کاتیک لەسەر سمۆرەیەکی نەخۆش خوێن بخوات و بێتە سەر لەشی مرۆڤ، بەو شیوە بەکتریاکە دەگوازێتەوە .
بۆ چارەسەری نەخۆشیەکە لە سمۆرەدا ، دەبێت سەرەتا کێچ لەناو ببرێ بەبەکارهێنانی دەرمانی قڕکەری کێچ و مشەخۆرەکان، دواتر پاکژی شوێنەکە بکرێ،ئەگەر شووێنی سمۆرەکان بزانرێ کاتێک کێوی بن دەبێ ئەو شووێنە دابخرێ و هاتوچۆی نەکرێ ،تا پاکژ دەکرێتەوە، هەروەها بەکار هێنانی دەرمانی ئەنتی بایۆتیک بەسودە بۆ نەخۆشەکان.
دووەم : نەخۆشی دانکەی سمۆرە ( Squirrel pox  )
نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە ،سمۆرەش توش دەکات ،هەروەها فایبرۆمای سمۆرەشی پێ دەڵێن ( Squirrel fibroma ) ، دانکە یان گرێ لەسەر پێست دەردەکەوێ و لەشووێنی دەرچونی گرێکان موەکانی دەوەرێ بۆیە بەشیوەی خاڵ  دەی بینین، نەخۆشیکە  بەهۆی مێش و مێشولەوە دەگوازرێتەوە، گرێکانی سەر پێست کێشەدروست ناکەن بۆ سمۆرەکە ،هەتا بەهۆی بەکتریاو ڤایرۆسی ترەوە پیس نەبێ ،واتە ئاڵۆزتر دەبێ، هەروەها ماکی نەخۆشیە  واتە گرێکان دەگوازرێنەوە بۆ ناو سیەکان و جگەر و گورچیلەو گرێ لیمفاویەکان، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانی و دەمرێت.
هۆکاری نەخۆشیەکە  ڤایرۆسی (Squirrel parapox virus  ) کوشندەیە لەسەر سمۆرەی سوری درەختی لەبەریتانیا، بەڕێژەی ٪100 ودەکوژێ لەماوەی 3-4 ڕۆژدا ، لەهەموو تەمەنێکدا نەخۆشیەکە دەگرێ ، بەلام سمۆرەی درەختی خۆلەمێشی لەئەمریکا بەشیوەی سروشتی هەڵگری ئەم ڤایرۆسەیە و زۆر بەکەمی بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە دەمرێ، واتە ئەم نەخۆشیە لە بەریتانیا و ئەمریکا هەیە ، نەخۆشیەکە بەهۆی تێکەڵ بون و بەریەک کەوتنەوە دەگوازرێتەوە لەنێوان سمۆرەکاندا،هەروەها  مێشولەو مێش و مەگەزیش دەی گوازێتەوە کاتێک دەنیشێت بەسەر کرێش و برینەکانەوە، ڤایرۆسی دانکە بەرگەی گەرما و ووشکی دەگرێت تاماوەیەکی زۆر بۆیە گومان دەکرێ ڤایرۆسەکە لە ناو کڕێشەکەدا تا ماوەیکی زۆر بمێنێتەوە دواتر سمۆرەی تر توش بکات،  بۆ کۆنترۆڵ و چارەسەر ، پیوستە ڤاکسین  بکرێت بۆ سمۆرەەی مالی ، بەلام کێوی ناگیرێت تا بۆی بکرێ، هەروەها تائیستا پشت راست نەبۆتەوە کە ڤایرۆسی دانکەی سمۆرە توشی مرۆڤ بوبێت، دوا راپۆرتی نەخۆشی دانکەی سمۆرە لە ساڵی 2009 بوە کە نەخۆشیەکە بلاو بۆتەوە لەبەریتانیا.
                  
سێیەم: نەخۆشی کەچەڵی سمۆرە Balding  
نەخۆشی کەچەڵی یان گەڕی سمۆرە بەهۆی کەڕو و مشەخۆری ( Notoedric mang ) ، مشەخۆرەکە دەچێتە ناوپێستی و دەبێتە هۆی هەڵوەرینی مووی پێست، بەوجۆرە پێستەکەی ئەستور و ڕەنگی تاریک دەبێت، ئەم نەخۆشیە ئاڵۆز نیەو دەتوانین بەهۆی مەرهەمی تایبەتی دژە مشەخۆر چارەسەر بکرێ،هەندێ جاریش بەخۆی چاک دەبێتەوە، دیارە بەهۆی تێکەڵاوی و بەریەک کەوتنەوە دەگوازرێتەوە،ئەم مشەخۆرە لە پشیلەو گەلێ گیانەوەری تردا هەیە.
کەڕوی ( dermatophytoses ) توشی پێستی دەبێت و مووەکانی لاوازو شکاو و تەنک دەبن، ئیتر کەچەڵ دەبێت.
چوارەم : نەخۆشی تولاریمیا (  tularemia)
 نەخۆشیەکی بەکتریایە  هۆکارکەی بەکتریای (  Francisella tularenses )ئەم بەکتریا بەشیوەی سروستی لە کەروێشک و سمۆرە و سەگی ئاوی داهەیە، هەندێ جار دەبێتە هۆی نەخۆش کەوتنی ئەم گیانەورانە،هەروەه زۆربەی قرتێنەرەکان توشی ئەم نەخۆشیە دەبن ،کە نیشانەی تا و لاوازی، سک چون، ئازاری لەش،کۆکەو چڵم..هتد لەسەریان دەرئەکەوێ ،بەهۆی گەنە،کێچ مێشولەوە مێشی گوێ درێژ (خەرەنگەز )  هەروەها تێکەڵاو بون لەنێوان سمۆرەکاندا دەگوازرێتەوە ،ئەم نەخۆشیە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ئەگەر هاتوو لەگەڵ گیانەوری نەخۆش (سمۆرە یان کەروێشک ) تێکەڵ ببین و دەستی لێ بدەین،یان بەهۆی مێشولەو کێچی هەڵگری بەکتریاکە وە ،یان ئاوی پیس بو بەم بەکتریا بخۆینەوە،یان  هەوای پیس بەم بەکتریا هەڵمژین ، بۆ خۆپاراستنیش لەم نەخۆشیە دەکرێ دەرمانی دژە میشولەو کێچ بەکار بهێنین،دەس نەدەین لە گیانەوەری مردوو،لەکاتی هەڵگرتنی ئاژەڵدا دەسکێش و دەم پۆش بەکار بهێنین.
نیشانەکانی لەمرۆڤدا ،تا، هەموگیان ئیش و ئازاری هەیە،کۆکە سنگ ئێشە ،سک چون،هەندێ جار خوێن لەگەڵ کۆکەو سکچونەکەدا هەیە، زانراوە ئەم نەخۆشیە لە مرۆڤەوە ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ ، و بەهۆی ئەنتی بایۆتیکەوە چارەسەر دەکرێت.
پێنجەم :  نەخۆشی لیپتۆسپایرا (leptospirosis  )
نەخۆشیەکی هاوبەشی مرۆڤ و ئاژەلە و لە جیهاندا بلاوە، سمۆرەی توش بوو بەم نەخۆشیە  هۆکارە بۆ گواستنەوەی نەخۆشیەکە بۆ مرۆڤ،بۆیە دەبێت ئاگادار بین.
هۆکاری نەخۆشی لیپتۆسپارا بەکتریای (leptospira interrogans )  هەروەها جۆرێکی تریش لە سمۆرەی باڵداردا تۆمار کراوە لەئەمریا بەناوی ( L.kirschneri )،لەساڵی 2005 .
 نیشانەکانی لیپتۆسپایرا لە سمۆرەدا بریتیە لە: تا، ئێش،لەرزین ،لاوازی،ڕشانەوە، زەردویی، خوێن میزکە، وەک ئاژەلەکانی دی، هەمان نیشانە لەسەر مرۆڤی توش بو دەردەکەوێ، ئەویش لەکاتێکدا تۆمار کراوە کە دەستیان داوە لە سمۆرەی نەخۆش، چارەسەری دەکرێ بە ئەنتی بایۆتیکی  سترپتۆ مایسین ڤیال بە شیوەی دەرزی بۆی دەکرێ بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ.
ماوەتەوە بڵێن ئەگەر کەسێک لە مالەوە شوێنی تایبەتی هەبێت بۆ بەخێو کردنی سمۆرە دەبێت گرنگی باشی پێ بدات لەروی پاکو تەمیزی و خواردنی باش  و دابران لە دەوروبەری،  ئەگەر هاتو لەناو ماڵ بێت ،پێوستە گرنگی بدرێ بە پاک وتەمیزی و بەخێرایی هەڵگرتنەوە ( گوی سمۆرە) کە چونکە هەندێ بەکتریا هەیە لە رێگەی پیسایەوە دەگوازرێتەوە  وەک بەکتریای سالمۆنیلا و تاک خانەی کۆکسیدیا، لەگەڵ هەڵگرتنەوەدا دەبێت شوێنەکەی خاوێن بکرێتەوە، هەروەها لەکاتی میز کردندا دەبێت ئاگادار بین یەکسەر شوێنی میزکەی پاک بکرێتەوە بە پەڕۆ خاوێن و پاکژ، سمۆرە واراهاتوە هەرگیز میز و گو ناکاتە ژێر خۆی (لانە،یان قەفەزەکەی) بۆیە پیوستە فێر بکرێ و لەکاتی دەرهێنانی لە لانەکەیدا  ببرێتە شوێنێک دور لە هۆدەی دانیشتن  خۆی خاڵی بکاتەوە ، ئەمەش بە فێرکردن و راهاتنە  و ئاسان دەکرێ.
جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە سمۆرە گیانەورێکی قرتێنەرە، بۆیە هەردەم حەزی لە قرتاند و خواردنی وایەرە و دەبێ وریای بین نەوەک بەهۆی ئەوەو شۆرتی کارەبا ڕو بدات، یان وایەری شەحنی مۆبایل و ئامێرەکانی تر بخوات.
 دکتۆر ناجح گوڵپی
پزیشکی ڤێترنەری راوێژکار
10/6/2016  n.gulpy@gmail.com

0 التعليقات

Leave a Reply